٢٦ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٥:١١
 ئەمریکا پێگەکانی داعشیان لە موسڵ بۆردومان دەكات

بۆ یەکەمجار لەدوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵەوە تۆپخانەکانی ئەمریکا پێگەکانی داعشیان لەبەرەی باکوری شارەکە بۆردومان کرد.

بۆ یەکەمجار تۆپخانەکانی ئەمریکا پێگەکانی داعشیان لە موسڵ بۆردومان کرد

بۆ یەکەمجار لەدوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵەوە تۆپخانەکانی ئەمریکا پێگەکانی داعشیان لەبەرەی باکوری شارەکە بۆردومان کرد.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: سەرچاوەیەکی سەربازی عێراقی ئاشکرایکرد، تۆپخانەیەکی ئەمریکی کە لە باکوری موسڵ جێگیرکراوە رۆژی یەکشەممە دەستیکردووە بەپرۆسەی پاڵپشتی کردنی ھێزەکانی سوپای عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا بۆردومانی چەند گەرەکێکی لەبەرەی باکوری شاری موسڵ کردووە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، بۆردومانەکە پێگەکانی داعشی گرتۆتەوە لە گەرەکەکانی “سوکەرو بەلەدیات و حەدباو ناوچەی بعویزە” کە دەکەونە باکورو باکوری خۆرھەڵاتی شاری موسڵەوە.

لەناوچەی شەلالاتیش چەند بیناو تونێلێکی داعش کراونەتە ئامانج بەھۆی ئەو بۆردومانەوە زیانێکی زۆر بەداعش گەیشتووە.

ئەو سەرچاوە سەربازییە راشیگەیاندووە، بۆردومانی تۆپخانەکانی ئەمریکا ئامادەکارییە بۆ دەسپێکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ کە پێشتر لێپرسراوانی عێراقی رایانگەیاندبوو لەداھاتویەکی زۆر نزیکدا دەست پێدەکات.

دەستپێکردنی بۆردومانی تۆپخانەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی داعش لە موسڵ لەکاتێکدایە کە پێشتر لێپرسراوانی ئەمریکا رایگەیاندبوو ھێزەکانی ئەمریکا کە لەئێستادا یارمەتی عێراقیەکان دەدەن لەرزگارکردنەوەی موسڵ لەچنگی تیرۆریستانی داعش، لەمەودوا ھاوئاھەنگیەکی چڕتر لەگەڵ ھێزە عێراقیەکاندا دەکەن لەپێناو خێراترکردنی ئەو ئۆپراسیۆنەی ماوەی دوو مانگە بۆ رزگارکردنەوەی ئەو شارە دەستی پێکردووەو بەبەراورد لەگەڵ سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەدا سستتر بەرێوەدەچێت.

پێشتریش کاربەدەستانی عێراق ئاماژەیان بەوەکردبوو ئەمریکا بەنیازە ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق بۆ ١٠ ھەزار سەرباز زیاد بکات، کە بەشێکیان بەمەبەستی مەشق و راھێنان و راوێژکردن بەھێزە عێراقیەکان و بەشێکی تریشیان بۆ بەشداریکردن لە ئەرکە سەربازیەکاندا لە عێراق جێگیر دەکرێن.